شەشەمین ساڵیادی کابینەی نۆ؛ سەرەڕای قەیرانەکان چی کردووە و خەڵکیش گلەیی چییە؟

شەیری بکە لە:
شەشەمین ساڵیادی کابینەی نۆ؛ سەرەڕای قەیرانەکان چی کردووە و خەڵکیش گلەیی چییە؟

ئاڤا نیوز

لە شەش ساڵی تەمەنیدا، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی بوێرانە و پێشوەختەی بەرەو چاكسازی و بونیادنانی ژێرخانی ئابووری لەسەرجەم سێكتەرەكاندا ناوە، چەندین پرۆژەی گەورە و ستراتیژی بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان ئەنجامدا کە لەسەردەمی کابینەکانی پێشوو هاووڵاتییان خەونیان بە چارەسەرکردنی دەبینی. سەرەڕای هەموو ئەو کارانەی حکومەت لەم کابینەیەدا، بەشێکی هاووڵاتییانیش گلەییان هەیە.

وێنە گەورەكە: كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژی 10ـی تەمموزی 2019 دەستبەكاربوو، لە شەش ساڵی تەمەنیدا ژمارەیەك پرۆژەی ستراتیژی لە بوارەكانی پتەوكردنی ژێرخانی ئابووری، بەدیجیتاڵكردنی كاروباری حكومەت، فرەچەشنكردنی داهات، زیادكردنی شەفافیەت، جێبەجێ كردووە.

گرنگترین پرۆژەكان چین؟

پڕۆژەی ڕووناكی:
گەیاندنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ سەرتاسەری هەرێمی كوردستان لەڕێگەی پرۆژەی ڕووناكی، یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژییەكانی كابینەی نۆیەم كە تا ئێستا سەرووی دوو ملیۆن هاووڵاتی لێی سوودمەند بووە و دووهەزار مۆلیدەی گەڕەكەكانیش كوژاونەتەوە و بەتەواوبوونی پرۆژەكەش؛ حەوت هەزار مۆلیدە هەڵدەگیرێن و ئاسمانی كوردستان لە گازی ژەهراوی ئەو مۆلیدە گازییانە پاك دەبێتەوە.

ئەمە جگە لەوەی بەهۆی پرۆژەكە 80%ـی هاووڵاتیان كەمتر لە جاران پارە دەدەن، بەجۆرێك بەپێی ئامارەكانی پسوولەی كارەبای مانگی پێنج بۆ ئەو گەڕەك و شوێنانەی پرۆژەی ڕووناكی پێ گەیشتووە، نیوەی هاوبەشی ماڵان كەمتر لە 20 هەزار دیناریان داوە، نیوەی هاوبەشی بازرگانیش، كەمتر لە 44 هەزار دیناریان داوە، كاریش بۆ ئەوەدەكرێت فرۆشیاری ووزە چاکسازی لێبکرێت و کاروباری هاووڵاتیان بەئەلیکترۆنی بکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم كابینەیە دەستپێشخەرییەكی دیكەی بۆ خزمەتی هاووڵاتیان ڕاگەیاند، ئەویش هاندانی خەڵكە بۆ بەكارهێنانی وزەی نوێبووەوە لەڕێگەی پانێڵە خۆرەكانەوە بۆ دەستخستنی وزەی كارەبا.

هەژماری من: یەكێكی دیكە لە پرۆژە گرنگ و سەركەوتووەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بەئامانجی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، لەپێناو پێشخستنی گشتگیریی دارایی و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە مامەڵەی كاش، پرۆژەكە سوودی دەبێت بۆ بەدەستڕاگەیشتنی هاووڵاتیان بە خزمەتگوزارییە بانكییە مۆدێرنەكان (قەرز، پاشەكەوت، پارەدانی ئەلیكترۆنی) هاوكات شەفافیەت لە مامەڵە داراییەكان زیاد دەكات. ئەمە جگە لەوەی فەرمانبەر ئاسانتر لە جاران و بەبێ نۆرەگرتنی نێو بانكەكان، مووچەكەی لەڕێگەی ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارە بەدەست دەگات.

تا ئێستا 800 هەزار فەرمانبەری حكومی لە پرۆژەی هەژماری من تۆماركراون، 500 هەزار كارتی بانكی بەدەستی فەرمانبەران گەیشتووەتەوە، 400 ئامێری ATM بۆ ڕاكێشانی پارە دانراون، ئێستا 400 هەزار سوودمەندبوو لەڕێگەی كارتی هەژماری من، مووچەكانیان وەردەگرن.

پڕۆژەی گەشانەوە: جگە لە كەرتی حكومەت، كابینەی نۆیەم ئامانجی بووە پاڵپشتی كەرتی تایبەتیش بكات، بۆ ئەمەش پرۆژەی گەشانەوەی ڕاگەیاند و تا ئێستا 25 بزنسی بچووك و مامناوەند بە پێدانی بڕی 150 ملیۆن دۆلار پاڵپشتی كراون ئەوەش لەپێناو پەرەپێدان و فراوانكردنی كارەكانیان بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی كاری زیاتر و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشكەوتووی وڵاتانی دیكە.

بەهێزكردنی ژێرخانی كشتوكاڵ: لە سێكتەری كشتوكاڵدا، كابینەی نۆیەم بەجۆرێك هەنگاوی ناوە كە لە هەرێمێكی بەكاربەری بەروبوومی كشتوكاڵی، بووەتە ناوچەیەكی بەرهەمهێن و تەنانەت بەرهەمی خۆی هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكات، جووتیاران بۆ پەرەپێدانی بەرهەمەكانیان و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ، بە زۆر شێواز پاڵپشتی كراون و كوالێتی بەرهەم بەرزكراوەتەوە، بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان، ڕێگە لە هاوردەكردنی ئەو بەرهەمانە گیراوە كە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە بەرهەم دەهێندرێن.

ئاوی هەولێر: کێشەی ئاوی هەولێر یەکێک لە کێشە گەورەکان و چەندین ساڵ هەولێر بەدەست ئەم کێشەیەوە دەیناڵاند، بەڵام لە کابینەی نۆیەم ئەو گرفتە گەورەیەش چارەسەرکرا و تا کۆتایی ئەمساڵ پرۆژەی ئاوی خێرای هەولێر تەواو دەبێت و هەموو هەولێر لەڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە ئاوی پێ دەگات، تاوەکو 30 ساڵی دیکە هەولێر کێشەی ئاوی نامێنێت.

ئاسایشی ئاو (بەنداو و پۆندەکان): لە کابینەی نۆیەم گرنگییەکی زۆر بەم بوارە درا، ئەو هەموو بەنداو و پۆندە درووست کران، ئەمەش کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا لەسەر هەرێمی کوردستان کەمتر دەکاتەوە، لەو ڕێگەیەوە ئاوێکی زۆر گلدەدرێتەوە، سەرەڕای ئەو کەم بارانیی و وشکەساڵییە کە ناوچەکەی بەگشتی گرتووەتەوە، هەرچەندە ئەم کارانە دەبوو لە کابینەکانی پێشوو کرابان، بەڵام کابینەی نۆیەم کردی، چونکە ئەمانە ژێرخانی ئاسایشی ئاون و زۆر پێویستە هەبن.

ئاسایشی خۆراک: لە دەستپێکی جەنگی ئۆکراینا و ڕووسیا هەڵگیرسا خۆراک و گەنم  و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان لەبازاڕەکانی جیهان گران بوون، سەرەڕای ئەو هەموو شەڕ و قەیرانانەی کە بەرۆکی ناوچەکەی گرتەوە، بەڵام لەم کابینەیەدا خێرا ڕێکارەکان گیرانە بەر و ڕێگە نەدرا خۆراک و نان و پێداویستییەکانی ژیان گران ببن.

بەڕێگاو بان: لە کابینەی نۆیەم گرنگی زۆر بە ڕێگاوبانەکان درا، ئەگەر سەرنجی شارەکانی کوردستان بدەنن، دەبینن گوند و ناحیەکان، زۆربەی زۆریان گەڕەک و کۆڵانەکانیان قیرتاو کراون، هەروەها ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان شارەکان قیرتاوکراون، بۆ نمونە ڕێگای نێوان هەولێر و دهۆک، هەولێر و سۆران و ڕاپەڕین، ڕێگای نێوان کۆیە و هەولێر کە ئێستا کاری تێدا دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک ڕێگا کە هێشتا کاری تێدا دەکرێت و تەواو نەکراون.

لەلایەکی دیکەوە، ڕێگاکانی نێوان هەولێر و سلێمانی، ڕاپەڕین و سلێمانی، سلێمانی و گەرمیان، تێیدا دەست بەکارکردن کراوە دەبێت ئەوانیش هاوشێوەی شوێنەکانی دیکە زوو تەواو بکرێن.

نەهێشتنی پاشکەوتکردنی مووچە: گرنگترین شت بەلای مووچەخۆرەوە کە کابینەی نۆیەم کردی، نەهێشتنی پاشکەوتکردنی مووچە بوو، واتە تا ئەوکاتەی کە نەوت هەناردەی دەرەوە دەکرا، مووچە کێشەی نەبوو، خەڵک مووچەی هەموو بەیەکەوە وەردەگرت، بەڵام دوای ئەوەی بە بڕیاری دادگای پاریس هەناردەکردنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگیرا و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کەوتە ئەستۆی بەغدا، مووچەی مانگێکی پار ساڵ لەلایەن بەغداوە نەنێردرا و فەوتا، ئەمساڵیش جارێکی تر کێشەیان بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست کردەوە.

گلەیی خەڵک لە کابینەی نۆیەم چییە؟

سەرەڕای هەموو ئەو کارە جوانانەی کابینەی نۆیەم، بەڵام بەشێکی هاووڵاتییان گلەییان لەم کابینەیەدا، گلەییەکانیش لە بەشێکی وەزیرەکان و بەرپرسانی دیکە دەکرێت کە بەداخەوە لەئاست ئەو دیدگا و کارنامە و پرۆژانەی حکومەتدا نەبوون. بەڕای خەڵکی، دەبوو ماوەیەک بۆ ئەو وەزیرانە دانرابایە و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێ و لەکاتی کەمووکوڕیدا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کرابا، چونکە بەڕای خەڵکی ناکرێت وەزیرێک کەموکوڕی هەبێت و لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکرێ

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ