کاردانەوەکانی سووکایەتیکردن بە دەستگیرکراوانی لالەزار فراوان دەبن

شەیری بکە لە:
کاردانەوەکانی سووکایەتیکردن بە دەستگیرکراوانی لالەزار فراوان دەبن

دیمەنی دەستگیرکراوەکانی لالەزار. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

لە پاش گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی شاری سلێمانی و دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە لایەنگرانی، گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ دەستگیرکراوەکان نیشان دەدات، بووەتە جێی مشتومڕێکی بەرفراوان و کاردانەوەی تووندی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە.

ببینە و ببیستە: دیمەنێکی ڤیدیۆیی کە بە شێوەیەکی بەربڵاو بڵاوبووەتەوە، ژمارەیەک لە دەستگیرکراوەکان نیشان دەدات کە بەشێک لە جلیان لەبەردا نییە و یەکێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان بە زمانی زبر قسەیان پێدەڵێت و سوکایەتییان پێدەکات. ئەم شێوازی مامەڵەکردنە، ناڕەزایەتییەکی زۆری لەناو خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی دانیشتووانی سلێمانی دروستکردووە.

زانیاریی بەدەستهاتوو: سەرچاوەیەک کە شەوەکە لە لالەزار بووە باس لەوە دەکات کە هەندێک لەو کەسانەی لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەون، چەکدار نەبوون و کاری تریان کردووە، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان کارمەندی چێشتخانە بووە و یەکێکی دیکەیان خاوەن پێداویستی تایبەتە، هەروەها ژمارەیەکی دیکەشیان کرێکار و شاگرد بوون.

کاردانەوەکان: ئەم ڕووداوە تەنانەت لەناو بەشێک لە ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتیش نیگەرانی و ناڕەزایەتی دروستکردووە، ئەوان ڕەخنە لەو "هەڵسوکەوتە خراپە" دەگرن کە لەلایەن هەندێک لە هێزەکانەوە بەرامبەر بەو کەسانە کراوە کە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بوون و دەستگیرکراون.

تائێستا لایەنە فەرمییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر ئەم گرتە ڤیدیۆییە و ئەو تۆمەتانە نەداوە. 

لەلایەکی دیکەوە: لە شەوی ڕووداوەکەدا 15 کرێکاری عەرەب کە لە هۆتێلەکەدا کاریان دەکرد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە. عومەر ئۆسکار دەڵێت، "کەسوکارەکانیان بەردەوام پەیوەندیم پێوە دەکەن و منیش داوا لە کاک بافڵ دەکەم کە ئازاد بکرێن."

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ