هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن

  • بزنس
  • 2 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ڕێککەوتن

گرافیکی ئاڤا

ئاڤا نیوز

هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێم بەپێی میکانیزمێکی تایبەت ڕێککەوتن.

لێدوانی تایبەت: سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای سۆمۆ بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، "لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەپێی میکانیزمێکی تایبەت ڕێککەوتین و هەموو ئامادەکارییەکانمان بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواو کردووە".

زانیاریی بەدەستهاتوو: بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ئاڤا میدیا کەوتوون، ڕێککەوتنەکە بەو شێوەیەیە کە پرۆسەی هەناردەکردنەکە بەپێی بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگەکان دەبێت، ئەمەش دوای تەرخانکردنی 50 هەزار بەرمیل بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا بڕە ماوەکە ڕادەستی کۆمپانیای "سۆمۆ"ی سەر بە حکومەتی فیدراڵی دەکرێت.

زانیارییەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە لەلایەن شاندی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و شاندی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە واژۆ کراوە و جەختیان کردووەتەوە کە شاندە فیدراڵییەکە گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا.

لەلایەکی دیکەوە: هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، دەستپێکردنی پرۆسەی هەناردەکردن پێویستی بە ئەنجامدانی گفتوگۆ هەیە لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی تورکیادا پێش جێبەجێکردنی.

باکگراوند: عەلی نزار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی عێراق “سۆمۆ”، ڕۆژی 8ـی ئاب ڕایگەیاندبوو، هەموو ئامادەکارییەکانی سۆمۆ و هەموو ڕێوشوێنەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە تەواو کراوە و وتیشی: “ئامادەین بۆ وەرگرتنی هەر بڕە نەوتێک کە هەرێمی کوردستان ڕادەستی بکات”.

شەیری بکە لە: